حکومەتی سوری سەردانەکەی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا بۆ سوریا ئیدانە دەکات

سەردانەکەی میلی سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا بۆ بنکەی ئەمریکا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن سوریاوە ئیدانە کرا و وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی سوری سەردانەکەی بە “نایاسایی” وەسف کرد.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا سەردانەکەی مارک میلی، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکای بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد و بە “نایاسایی” وەسفی کرد.

سەردانە کتوپڕەکەی مارک میلی بۆ بنکەی هیزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا  کە ماوەی ٨ ساڵە لە شەڕی دژی داعش لە ئەرکدایە ، بە “نایاسایی” وەسف کرد.

دەیڤ باتلەر، وتەبێژی سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا ڕایگەیاند: میلی ئەمڕۆ سەردانی باکوری سوریای کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ فەرماندە و سەربازانی (ئەمریکی) کۆببێتەوە، زانیاری نوێی پێگەیشت، پێداچوونەوەی بە پاراستنی هێزەکاندا کرد و ڕێوشوێنەکان  و هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران لە کەمپی پەنابەرانی هۆڵ هەڵسەنگاند.

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە ڕۆژنامەکانی ئەمریکادا بڵاوکراونەتەوە، میلی وەڵامی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی داوەتەوە کە لەگەڵیدا گەشتیان کردووە سەبارەت بەوەی ئایا جێگیرکردنی نزیکەی ٩٠٠ سەربازی ئەمریکی لە سوریا شایەنی مەترسییە ڕایگەیاند، ئەگەر پێتان وایە ئەمە گرنگە، ئەوا وەڵامی من بەڵێیە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، میلی سەرنجی بۆ گرنگی هاوبەشی نێوان سەربازانی ئەمریکی و هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) ڕاکێشاوە و ڕایگەیاندووە، ئەولەویەتی ژمارە یەکیان شکستی هەمیشەیی داعشە.

ها-ع

Comments are closed.